نه‌زه‌ر و بۆچوونی ئێوه له سه‌ر زه‌مینه‌ی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاتن و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان جێیه؟
هه‌ر بیرۆکه‌یه‌کی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی که له کۆمه‌ڵگایه‌ک دا سه‌ر هه‌ڵده‌دا ئاکامی ئاڵوگۆڕه‌کانی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تین که له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا هاتونه‌ته کایه‌وه و ناکرێ و ناگونجێ بڵێین که بیری دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌و یاسا گشتییه به‌دوور بووه. هه‌ر بۆیه پێش ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر وڵامی پرسیاره‌که، به پێویستی ده‌زانم به کورتیش بێ ئاوڕێک له ساڵه‌کانی پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان بده‌ینه‌وه و باری سیاسی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییش شی بکه‌نه‌وه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی مێژوویی له ساڵه‌کانی نێوان دوو شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی به‌شی هه‌ره زۆری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی سروشتی موسته‌عمه‌ره یان به شێوه‌یه‌کی دیکه له ژێر نفوزی ولاتانی سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی دا بوون بازارێکی باشیان بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌کانی وڵاتی خۆیان پێک بێنابوو. له‌و نێوه‌دا وڵاتی ئه‌ڵمان وه‌ک وڵاتێکی خاوه‌ن پیشه‌سازی که هیچ موسته‌عمه‌ره‌یه‌کی نه‌بوو، نه‌ته‌نیا هه‌ر بازاڕێکیی بۆ فڕۆستنی به‌رهه‌مه‌کانی پیشه‌سازی خۆی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت داوای خه‌ساره‌تی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیشی لێدکرا. ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه بوو به‌هۆی ئه‌وه که ڕاده‌ی بێ‌کاری به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بچێته سه‌رێ. هیتلێر بۆ خۆ ڕزگار کردن له‌و وه‌زعه به هومێدی به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵاتێک له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی چه‌ند وڵاتێک ڕۆژی1ی مانگی سێپتامبری ساڵی 1939 هێرشی کرده سه‌ر لێهستان. دوابه‌دوای ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر لێهستان، وڵاتانی بریتانیا و فرانسه‌و و بلژیک شه‌ڕیان دژی ئه‌ڵمان ڕاگه‌یاند و به‌و جۆره شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ده‌ستی پێ‌کرد، که پاشان بوو به شه‌ڕی ئازادی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ی به دژی فاشیزمی ئاڵمان.
له لایه‌کی دیکه‌وه شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کاولکارێکی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه ڕووخانی چوار ئیمپراتوری گه‌وره‌ی وه‌ک ئیمپراتوری ئوتریش ـ مه‌جارستان، ئاڵمان، عوسمانی و روسییه‌ی تزاریشی به‌دواوه بوو. ڕووخانی ئه‌و ئیمپراتورییانه ئه‌گه‌رچی له نێو وڵاتانی ئوروپایی دا بوو به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی ئازادیخوازانه و په‌ره‌گرتنی بیری دێمۆکراسی، به‌ڵام به هاتنه‌سه‌رکاری که‌ماڵ ئه‌تاتورک و دابه‌شکردنی سه‌رله‌نوێی کوردستان نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌و به‌شه‌ی کوردستان تووشی نه‌هامه‌تێکی گه‌وره‌تر له پێشوو کرد. ئه‌تاتورک دوای ئه‌وه که ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت به گۆڕینی ناوی ئه‌و وڵاته به تورکییه و هه‌ڵگرتنی دروشمی تورکییه هی تورکانه، به کرده‌وه سیاسه‌تی حاشا کردن له ماف و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌و وڵاته گرته به‌ر. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ڕه‌زا شا که هه‌ر له ساله‌کانی نێوان دوو شه‌ری جیهانیدا به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبوو، به ڕه‌چاوگرتنی سیاسه‌تی وڵات ـ نه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت هاوشێوه کردنی جل و به‌رگی گه‌لانی ئێران و به‌ربه‌ست کردنی خوێندن به زمانی زگماکی ده‌یویست هه‌مو ئاسه‌وارێکی کولتوری و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی و نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران له به‌ین به‌رێ. جیا له‌وه‌ش وه‌زعی کورد له وڵاتی تازه دامه‌زراوی ئێراقی ئه‌و سه‌رده‌مدا له‌و دوو به‌شه‌ی دیکه‌ی کوردستان باشتر نه‌بوو. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر به مێژوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستاندا بچینه‌وه ده‌بینین چه‌ند بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی وه‌ک بزووتنه‌وه‌کانی شێخ مه‌حمود و بارزان و شێخ سه‌عید و سمکۆ و مه‌لاخه‌لیل سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌وانه هه‌مووی به‌تێکڕا جۆرێک یه‌کده‌نگی و یه‌ک هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییان له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا پێک هێنا. به‌و جۆره ده‌بێنین پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستانیش نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه نهتهوایهتییهکانی خۆی به گوێره‌ی هه‌لومه‌رج خه‌باتی کردوه.
کاتێکیش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ده‌ستی پێ‌کرد و هێزه‌کانی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وکات له باکوور و هێزه‌کانی بریتانیاش له باشووره‌وه هاتن بۆ نێو ئێران و ره‌زا شایان له سه‌ر کار لابرد بۆشاییه‌کی ده‌سه‌ڵات له هه‌موو ناوچه‌کانی ئێران پێکهات. هه‌ر بۆیه‌ش بوو که ڕووناکبیرانی کورد له کوردستانی ئێران به له‌به‌ر چاو گرتنی باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونی خه‌باته‌کانی ڕابردوو، بۆ یه‌که‌مجار له پێناو وه‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی گه‌له‌که‌مان ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ ک یان دامه‌زراند. پاشان به هاتنی پێشه‌وا بۆ ناو ئه‌و کۆمه‌له‌یه و پێکهاتنی چه‌ندین گۆڕانکاری سیاسی و دامه‌زرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ڕه‌وتی خه‌باته‌که شێوازێکی مۆدێڕن و پێشکه‌وتوانه‌ی به خۆیه‌وه گرت و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی له ده‌وری خۆی کۆ کرده‌وه و بوون به زه‌مینه‌ی پێکهێنان و دامه‌زرانی کۆماری دوردستان.
ئه‌دی نه‌زه‌رتان له سه‌ر له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی چییه؟
هه‌روه‌ک ده‌زانن هێشتا برینی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له سه‌ر جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ته‌واوی ساڕ‌ێژ نه‌ببۆوه که شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی له پێناو گه‌شه‌کردنی بازاڕی به‌رهه‌مه‌کانی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری و به ده‌ست پێشخه‌ری ئاڵمانی نازی ههلایسا. ئه‌و شه‌ڕانه ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کاره‌ساتی گه‌لێک گه‌وره‌یان لێکه‌وته‌وه، بوون به هۆی هێندێک ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دا که پێشتر باس کران. واته ئه‌گه‌ر شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ڕووخانی چه‌ند ئیمپراتوری گه‌وره و پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی کۆمونیستی له روسیه به‌دواوه بوو، پاش کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیش که کاره‌ساتێکی گه‌لێک گه‌وره‌تر له له شه‌ڕی یه‌که‌می لێکه‌وته‌وه و زۆرتر له 60 میلیۆن که‌س له‌و شه‌ڕه‌دا گیانیان له ده‌ست دا، کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ی به‌تایبه‌تی به‌ره‌ی سه‌رکه‌وتووی ئه‌و شه‌ڕه‌ی هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که به مه‌به‌ستی کۆتایی پێهێنان به‌و شێوه کاره‌ساتانه و دووپات نه‌بوونه‌وه‌یان له داهاتوو دا داڕشتنی یاسایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی پێویسته.
له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه بوو که رۆزوێڵت سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا گه‌ڵاڵه‌یه‌کی له‌م باره‌وه له کۆنفرانسی ڕێبه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمان ( موته‌فقین) له تاران پێشکه‌ش کرد و هه‌ر ئه‌و گه‌ڵاله‌یه بوو به بنه‌مایه‌ک بۆ ڕاگه‌یه‌ندراوی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان که ڕۆژی 24ی ئۆکتوبری ساڵی 1945 بڕیاری به‌ڕێوه بردنی له‌سه‌ر درا.
ئه‌گه‌ر به ناوه‌رۆکی ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا بچینه‌وه ده‌بینین له فه‌سڵی یازده‌هه‌م له ماده‌ی 73 دا به‌ڕوونی باس له پاراستن و ڕێز لێنان له مافی نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌ست کراوه. به‌م جۆره بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا زه‌مینه‌یه‌کی باشتر له پێشوو بۆ خه‌بات له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌ست هاتۆته کایه‌وه.
شه‌هید پێشه‌وا بۆخۆی چ نه‌خشێکی له‌و بواره‌دا هه‌بوو؟
مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک و کۆمه‌ڵگایه‌ک چاو لێ بکه‌ین، پڕه له سه‌رکه‌وتن و تێکشکان، پڕه له گه‌شه کردن و به‌ره‌وپاش چوون، پڕه له هومێد و ناهومێدی و پڕه له ڕووداوی تاڵ و شیرین. هه‌رکام له وانه‌ش ئه‌زمونێکی بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو تۆمار کردووه. ئه‌گه‌ر به چاوێکی ڕخنه‌گرانه هه‌موو ئه‌وانه بخه‌ینه به‌ر لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی زانستییانه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ڕێبه‌ری کۆمه‌ڵگاکان چ ده‌ورێکیان گێڕاوه. ئه‌گه‌رچی به‌شێکی زۆر له ڕووداوه تاڵه‌کان به‌دوور له ئیراده‌ی و ویستی کۆمه‌ڵگاکان به سریاندا سه‌پێندراوه، به‌ڵام له پێکهێنانی شانازییه‌کان و وه‌ده‌ست هێنانی سه‌رکه‌وتنه‌کاندا ڕێبه‌رایه‌تی و گه‌وره‌پیاوانی کۆمه‌ڵگاکان ڕۆڵ و نه‌خشی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تیان گێڕاوه. ڕاسته پێش ئه‌وه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دامه‌زرێ، نیشتمانپه‌روه‌ران و ڕووناکبیرانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف (ژ ـ ک) به‌ردی بناخه‌ی شۆڕشیکی جه‌ماوه‌رییان دامه‌زراند، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێژووی کۆماری کوردستان بخه‌ینه به‌ر لێکۆڵینه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که به هاتنی پێشه‌وا بۆ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه ڕه‌وتی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد پێی نایه قۆناخێکی تازه‌وه.
ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که تێکۆشان و خه‌باتی دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژـ ك جێگای رێز و حورمه‌تێکی یه‌کجار زۆره، به‌ڵام پێشه‌وا به له‌به‌رچاو گرتنی که‌سایه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی و دوور بینێکی سیاسی و شاره‌زاییه‌کی ته‌واو به‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان چ له ئاستی ناوه‌خۆیی و چ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی که هه‌یبوو، به دامه‌زراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وه‌ک حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکه‌وتنخواز و خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی که وڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازه‌کانی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان بێ، له لایه‌ک توانی زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی کۆماری کۆردستان له ناوه‌خۆی وڵات‌دا پێک بێنێ و له له‌یه‌کی دیکه‌شه‌وه به کۆمه‌ڵگای جیهانی نێشان بدا که نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێشکه‌وتنخوازه که ده‌توانی پێ به پێ ده‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان بڕواته پێش.
به‌مجۆره بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که پێشه‌وا وه‌ک که‌سایه‌تێکی به‌رزی کوردستان و سیاسه‌توانێکی به‌توانا له دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان نه‌خشێکی سه‌ره‌کی گێڕاوه.
به بڕوای ئێوه کۆماری کوردستان وڵامێک بوو به داخوازه عه‌ینی و ڕاسته‌قینه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، یان به‌ری بارودۆخی شه‌ڕی له ناکاوی دووهه‌می جیهانی بوو؟
به‌شێک له وڵامی ئه‌و پرسیاره له وڵامی پرسیاره‌کانی پێشتردا هاتوه. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ده‌بێ بڵێم هه‌روه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌کانی مێژوویی نیشان ده‌ده‌ن، نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌درێژایی مێژوو بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نووسی خۆی خه‌باتی کردوه. ته‌نانه‌ت پاش هێرشی له‌شکری ئیسلام بۆ سه‌ر ئیمپراتوری ساسانییه‌کان و داگیر کردنی ئه‌و وڵاته، نه‌ته‌وه‌ی کورد یه‌که‌م نه‌ته‌وه بوو که به‌دژی خه‌لیفه‌کانی عه‌ره‌ب ڕاپه‌ڕی و حکومه‌تی حهسنهوییهکانی له دینه‌وه‌ر دامه‌زراند. به‌دوای ئه‌وه‌شدا چه‌ندین میرنشینی کورد پێک هاتوه. ته‌نانه‌ت میربشێنی ئه‌رده‌ڵانه‌کان سه‌ره‌ڕای گۆڕانی چه‌ندین حکومه‌ت له ناوچه‌کانی دیکه که ته‌ماحی داگیر کردنی کوردستانیان له مێشک دا بووه، زیادتر له حه‌وسه‌د ساڵ درێژه‌یان به ده‌سلاتی خۆیان داوه. جیا له هه‌مووی ئه‌وانه‌ش له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان چه‌ندین بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد وه‌ک شۆڕشی شێخ مه‌حمود ، شێخ سه‌عید و سمکۆ به‌دژی ده‌سڵاتدارانی داگیرکه‌ری کوردستان سه‌ریان هه‌ڵداوه. نه‌ک ته‌نیا هه‌ر ئه‌وانه به‌ڵکو پێش دامه‌زرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانیش هه‌روه‌ک پێشترێش ئاماژه‌ی پێکراوه، کۆمه‌ڵه‌ی ژـ ک به مه‌به‌ستی خه‌بات بۆ ڕزگاری و ئازادی کورد له ژێر کۆتی بنده‌ستی دامه‌زراوه.
ئه‌وانه هه‌موویان نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که بیر و خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه و له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵقوڵیوه. به‌ڵام له هه‌ر هه‌لومه‌رجێک دا شۆڕشه‌که به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه سه‌ری هه‌ڵداوه و خه‌ڵکی کوردستانیش پشتیوانی‌یان لێ کردووه.
یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و کۆماری ئازه‌ربایجان له پێکهێنانی کۆماری کوردستان چ ده‌ورێکیان هه‌بوو؟
له‌و پرسیاره‌دا باسی دوو لایه‌ن هاتۆته گۆڕی که هه‌رکام ئامانج و ویستی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو. هه‌ر بۆیه من به‌پێویستی ده‌زانم له ولامی پرسیاره‌که‌دا به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و ڕاستییه له سه‌ر ده‌وری هه‌رکام له‌و دوو لایه‌نه به‌جیا باس بکه‌م.
هه‌روه‌ک پێشتریش باسمان کرد سیاسه‌تی ڕه‌زا شا له مه‌ڕ دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ کێشه و پرسی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران له لایه‌ک و پرۆسه‌ی خه‌بات به‌دژی فاشیزم و په‌ره‌گرتنی بیری ئازادیخوازی له کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دا له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه بیری نه‌ته‌وایه‌تی له ناو نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیش ڕۆژبه‌ڕۆژ زۆرتر په‌ره‌ی ده‌گرت. هه‌ر بۆیه نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ریش وه‌ک باقی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به دژی سیاسه‌تی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی ئیران ڕاپه‌ڕی و له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان کۆماری ئازه‌ربایجانیان دامه‌زراند.
به‌مجۆره ده‌توانین بڵێین گه‌رچی کۆمه‌ڵێک جیاوازی له نێوان شێوه‌ی ئیداری و سیاسه‌تی ناوه‌خۆیی ئه‌و دوو کۆماره‌دا به‌رچاو ده‌که‌وت، به‌ڵام له ئاستی پرسی مافی نه‌ته‌وایه‌تی داوایه‌کی ڕوون و وه‌ک یه‌کیان له به‌رانبه‌ر ڕیژێمی دیکتاتۆری بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌ویدا هه‌بوو. ئه‌و داوا ڕه‌وا و هاوشێوه‌یه له لایه‌ک و سنوورێكی دوور و درێژی نێوان ئازه‌ربایجان و کوردستان له لایه‌کی دیکه‌وه، زه‌رووره‌تی هاوپه‌یمانێکی ستراتێژیک پێک ده‌هێنا. هه‌ر بۆیه‌ش بوو که به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و ئه‌سڵه که هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت وه‌ک هێزێکی ده‌ره‌کی و بێگانه ڕۆژێک ده‌بێ ئێران به‌چی بهێڵن، کۆماری کوردستان و ئازه‌ربایجان بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ڕێژیم له داهاتوودا ڕۆژی سێهه‌می مانگی به‌نه‌مه‌ڕی ساڵی 1325 به‌رانبه‌ر به بیست و سێی مانگی ئاپریلی ساڵی 1946 ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌کیان مۆر کرد و شوێنه‌واڕێکی باشیشی له سه‌ر پێوه‌ندی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازه‌ری دانا.
به‌ڵام ئامانج و سیاسه‌تی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت شتێکی دیکه بوو. به کورتی ده‌توانین بڵێین ته‌نانه‌ت پێش پێکهاتنی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت یه‌کێک له ئامانجه‌کانی تزارهکانیش ئه‌وه بوو که هه‌م به‌شێک له ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتی باکوری ئێران به‌ده‌سته‌وه بگرن و هه‌میش ده‌ستیان بگاته ئاوه‌کانی باشووری ئێران و پێگه‌یه‌ک له‌و ناوچه‌دا دروست بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش بوو دوی ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی سؤفیهت هاوکات ده‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئینگلیس هێرشیان کرده سه‌ر ئێران، ده‌یانویست ئه‌و ئامانجه‌ی خۆیان به‌چێ بگه‌یه‌نن. بۆیه زۆر به‌ڕونی ئاشکرا هه‌موو پشتیوانییه‌کی ماددی و مه‌عنه‌ویان له کۆماری ئازه‌ربایجان ده‌کرد. به‌ڵام له کوردستان مه‌سه‌له‌که به شێوه‌یه‌کی دیکه بوو. ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری کوردستان ته‌نیا به‌ده‌ست هێزکانی کۆماره‌وه بوو. هێزه‌کانی سۆڤیه‌ت حزوورێکی ئه‌وتۆیان له‌و ناوچانه‌دا نه‌بوو تا نه‌خشێکیان له پاراستنی‌دا هه‌بێ. نه‌ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو زۆرجاران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێداویستییه‌کانی به‌ره‌کانی شه‌ڕی خۆیان له دژی ئاڵمان دابێن بکه‌ن، هیچکام له به‌ره‌کانی هاوپه‌ێمانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات پێیان خۆش نه‌بوو شهر و پێکدادان له ناوچه جۆراجۆره‌کانی ئێران سه‌رهه‌ڵدا. هه‌ر له پێناو ئه سیاسه‌ته‌شدا بووه که هێندێ جار پێشیان به جموجۆڵی هێزه‌کانی کۆماری کوردستانیش گرتووه.
به‌و پێیه ده‌تانم بڵێم یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت وه‌ک تاکتیک سیاسه‌تی دۆستانه‌ی ده‌گه‌ڵ کۆماری کوردستان گرتۆته پێش. هه‌روه‌ک پاشانیش ده‌رکه‌وت بێ له‌به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی کورد و ئازه‌ری، پاش ڕێککه‌وتن ده‌گه‌ڵ ده‌وله‌تی ئێران و پێک هاتن ده‌گه‌ڵ قه‌واموسه‌ڵته‌نه هێزه‌کانی خۆی له ئێران برده ده‌رێ و پشتی له هه‌موو دۆستایه‌تییه‌کانی ڕابردووی خۆی ده‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ته‌وانه کرد.
که‌وابوو به‌گشتی ده‌توانین بڵێین که پێک هاتنی کۆماری ئازه‌ربایجان و حزووری هێزه‌کانی هاوپه‌یمان بۆشاییه‌کی ده‌سه‌ڵاتیان دروست کرد و ته‌نیا هه‌لومه‌رجی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستانیان بۆ کورد ره‌خساند.
ئه‌گه‌ر بکرێ پێمان خۆشه ئاماژه‌یه‌ک به ده‌ستکه‌وته گرنگه‌کانی کۆماڕ بکه‌ن
هه‌روه‌ک ده‌زانن و پێشتریش باسمان کرد کۆماری کوردستان له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تیدا دامه‌زرا. له لایه‌ک بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌سه‌ر ناوچه‌که له گۆڕیدا بوو، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له بواری پێکهاته‌ی کۆمهڵایهتێوه سیستمی عه‌شیره‌تی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌دا زاڵ بوو. به‌و حاڵه‌ش سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی کورتی ئه‌و کۆماره و به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ده‌بێنین گه‌لێک دیارده‌و ڕووداوی گرنگ و گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه. که ده‌بێ وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز و مێژوویی سه‌یریان بکه‌ین.
یه‌ک له‌وانه به دامه‌زرانی کۆماری کوردستان خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی کورد به وه‌لانانی شێوازی کۆن و ناوچه‌یی، پێی نایه قۆناخێکی نوێ و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به شێوه‌یه‌کی پێشکه‌وتوانه له ناو خه‌ڵکی کوردستاندا به ڕاده‌یه‌کی زۆر برده سه‌رێ. ئه‌گه‌ر که‌مێک وردبینانه دوو کۆماری ئازه‌ربایجان و کوردستان پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنین ته‌ماشا ده‌که‌ین له‌حالێکدا ئاڵای سووری کۆمونیستی له سه‌ربانی بنکه‌کانی کۆماری ئازه‌ربایجان هه‌ڵکرابوون، له کوردستان ئاڵای کوردستان له سه‌ربانی دام و ده‌زگاکانی کۆماری کوردستان ده‌شه‌کانه‌وه.
جیا له‌وانه‌ش دامه‌زراندنی سیستمی نوێ و مۆدێرنی په‌روه‌رده و فێرکردن و قه‌زایی و هه‌روه‌ها پێک هێنانی ئازادی نووسین و ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ و ڕێزگرتن له مافی ژنان که هێشتا له زۆر وڵاتانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌میشدا دابین نه‌کراون ده‌بێ وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره و مێژوویی له قه‌ڵه‌م بدرین.
ئه‌وه‌ی که ئێستا پاش تێپه‌ڕ بوونی 63 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کۆماره‌دا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به چاوی ڕێزه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و کۆماره و دامه‌زرێنه‌رانی و هێشتا وه‌ک ڕۆژێکی پیرۆز و نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری ده‌که‌ن و یادی به‌رز وپێرۆزی جێژن ده‌گرن خۆی نێشانده‌ری ئه‌و ڕاستییانه‌ن.
له گه‌ڵ سوپاس بۆ هاوڕێ کاک قاسم و سه‌رجه‌م به‌ڕێزانی تر که وڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه‌یان سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان دایه‌وه.
ساڵه نه‌ڵۆسی
2009-01-23
RSS
چاپ کردن/Print